ڕاستەوخۆ

بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان؛ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و باسی مووچەی هەرێمی نەکرد

reset font size increase font size

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز کرد و تێیدا چەندین بڕیاری گرنگی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، وزە و پەروەردە دەرکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیانراوی فەرمیی کۆبوونەوەکە، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە، هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی پرسی مووچە و داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان نەکراوە.

دانی مۆڵەتی 60 ڕۆژ بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی

حکومەتی عێراق لەم کۆبوونەوەیەدا تیشکی خستە سەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و بڕیاردرا کە کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەم چوارچێوەیەدا تەنیا لە ماوەی 60 ڕۆژدا تەواو بکرێن.

هاوکات بڕیار درا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان، بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو داوا یاساییانە بکرێت کە ماوەیەکی زۆرە تۆمار کراون و یەکلا نەکراونەتەوە.

 لایەنێکی تری بڕیارەکە، پابەندکردنی سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانە بە دەستنیشانکردنی دیاردەکانی گەندەڵی و ڕاهێنانی فەرمانبەران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.

گرێبەستی نوێی کارەبا و چاپکردنی پەڕتووکەکانی قوتابخانە

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی گرنگی ئابووری و خزمەتگوزاریی دەرکرد کە گرنگترینیان ئەمانەن:

ڕێکخستنی دارایی: بڕیاردرا بە ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکانی دەوڵەت بە مەبەستی ڕێگریگرتن لە هەڵاوسانی ئابووری.

کەرتی وزە: پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی کارەبا بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی وزە و دابینکردنی کارەبای پێویست.

کەرتی پەروەردە: پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی سەرپشک بێت لە پرسی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بە مەبەستی چاپکردنی پەڕتووکەکانی قوتابخانە بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

پەراوێزخستنی پرسی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆی هەرێم و پرسی مووچە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەغدا، نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا لێکتێگەیشتنی کۆتایی لە نێوان شاندی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهاتووەتە بەرهەم. ئەم بێدەنگییەی بەغدا ئەگەرچی دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخاتە دۆخێکی نادیار و چاوەڕوانییەوە، بەڵام دەرفەت دەداتە لایەنە تەکنیکییەکان تاوەکو لە دەرەوەی کۆبوونەوەی وەزیران بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.