ڕاستەوخۆ

ڕێکخراوی هەنگاو: لە مانگی حوزەیراندا لانی کەم 109 زیندانی لە ئێران لەسێدارەدراون

reset font size increase font size

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا (حوزەیرانی 2026)، سزای لەسێدارەدانی لانی کەم 109 زیندانی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

 ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (حوزەیرانی 2025 کە 99 حاڵەت بوو)، بە ڕێژەی 10% بەرزبووەتەوە.

لەسێدارەدانی پێنج زیندانیی سیاسی و سێ ژن

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ناسنامەی سەرجەم ئەو 109 زیندانییە لەلایەن سەنتەری ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاوەوە پشتڕاستکراوەتەوە.

لە نێو لەسێدارەدراوەکاندا، سێ ژن هەن؛ یەکێکیان بە ناوی ئەفسانە زەندئابادی لە تەورێز بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر، و دوو ژنەکەی تریش بە ناوەکانی ئاسیە فەرهەمەند و زەینەب زەرینی لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوین بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی هاوسەرە هاوبەشەکەیان لەسێدارەدراون.

هاوكات، پێنج زیندانیی سیاسی کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی وەک "محاربە" و سیخوڕی لەسێدارەدراون، کە دووانیان هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قوروە بوون بە ناوەکانی ئەشکان مەلەکی و میهرداد محەممەدینیا، و سێ زیندانییەکەی تریش فەتحوڵڵا ئاوەری (لە هەمەدان)، جەواد زەمانی و ئەبوولفەزل ساعدی (لە شاروود) بوون.

دابەشبوونی زیندانییەکان بەپێی تۆمەت و نەتەوەکان

زۆربەی جێبەجێکردنی سزاکان بە شێوەی نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی خێزانەکانیان بووە و تەنیا 7 حاڵەتیان لە میدیا فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە.

ئاماری لەسێدارەدان بەپێی تۆمەت:

کوشتنی ئەنقەست: 54  حاڵەت (49.5%)

ماددەی هۆشبەر 44: حاڵەت

تۆمەتی سیاسی و سیخوڕی: 5 حاڵەت

دەستدرێژیی سێکسی: 5 حاڵەت

دزینی چەکدارانە: 1 حاڵەت

ئاماری لەسێدارەدان بەپێی پێکهاتە نەتەوەییەکان:

فارس: 31 کەس (28.5%)

کورد: 18 کەس (16.5%)

بەلوچ: 18 کەس (16.5%)

لۆڕ:12 کەس

تورک: 10 کەس

گڵەک و مازەندەرانی: 5 کەس

عەرەب: 5 کەس

ئەفغانی: 5 کەس

تورکمان و نەتەوەی نەزانراو: 5 کەس

جوگرافیای لەسێدارەدانەکان:

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، سزاکان لە 24 پارێزگای جیاوازی ئێراندا جێبەجێ کراون. پارێزگای ئەسفەهان بە 15 حاڵەت لە پلەی یەکەمدا دێت، پاشان سیستان و بەلۆچستان بە 10 حاڵەت و پارێزگای فارس بە 9 حاڵەت لە پلەکانی دووەم و سێیەمدا دێن. لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێش لەسێدارەدان تۆمار کراوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.