دوای چەند ساڵێک لە چاوەڕوانی و نەبوونی چارەسەر، کێشەی دانەمەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە، بەرەو چارەسەربوون دەچێت و ناویان دەخرێتە ناو یاسای بودجەی گشتییەوە.
دکتۆر ڕێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە نووچە تیڤی ڕاگەیاند، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی ئەم ناوچانە سەرەڕای تەواوکردنی خوێندنیان لە زانکۆکانی هەرێم، بۆ ماوەی چەند ساڵێک بوو بەدەست کێشەی دانەمەزراندنەوە دەیانناڵاند.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دوای بەدواداچوونی بەردەوام و پێشکەشکردنی داواکاریی فەرمی بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دواجار توانرا ڕەزامەندی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکەیان بەدەست بهێنرێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ، لیستی ناوی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی عێراقەوە.
جێی باسە ئەم بڕیارە هاوکات دەبێت لەگەڵ دیاریکردنی میلاکاتی نوێ لە یاسای بودجەی داهاتووی وڵاتدا. پەرلەمانتارەکە جەختی لەوە کردەوە کە خستنەناوی ئەم دەرچووانە بۆ ناو لیستەکانی دامەزراندنی وەزارەتی تەندروستی، کۆتایی بەو نادادییە چەند ساڵەیە دەهێنێت کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی و کارگێڕیی نێوان بەغدا و هەولێرەوە ڕووبەڕووی ئەم توێژە ببووەوە.