ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، لیژنەی ڕێکخەرى ڕێوڕەسمەکان بە فەرمی خشتەی ماڵاوایی و بەخاکسپاردنی ڕێبەری باڵای کۆچکردووی ئێران عەلی خامنەیی ڕاگەیاند، کە بڕیارە ڕێوڕەسمەکان لە چەند شارێکی جیاواز بەڕێوەبچن.
خشتەی ڕێوڕەسمەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
4 و 5ی تەممووز: دەستپێکردنی ڕێوڕەسمی ماڵاوایی لە گۆڕەپانی (مەسەلای ئیمام خومەینی) لە تاران.
6ی تەممووز: بەڕێوەچوونی مەراسیمی سەرەکیی شۆردن و بەڕێکردنی تەرمەکە لە تاران.
7ی تەممووز: گواستنەوەی تەرمەکە بۆ شاری قوم و ئەنجامدانی مەراسیمی شێوازى ئایینی لەو شارە.
9ی تەممووز: گواستنەوەی کۆتایی بۆ شاری مەشهەد و بەخاکسپاردنی لە مەزارگەی (ئیمام ڕەزا).
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئاژانسەکە، ئەم بڕیارە دوای ماوەیەک لە دواخستن هاتووە و چاوەڕوان دەکرێت هاندەران و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بەشدارییەکی بەربڵاو لەم ڕێوڕەسمانەدا بکەن.
عەلی خامنەیی لە تەمەنی 86 ساڵیدا، لە 28ی شوباتی 2026 لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی چڕی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ناوبراو لە تاران کوژرا.
ئەو هێرشە بووە هۆی وێرانبوونی شوێنی حەوانەوەی و کوژرانی چەند ئەندامێکی خێزانەکەشی (لەوانەش کچ و نەوەکانی) لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران.
حکومەتی ئێران ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، واتە لە 1ی ئازاری 2026، بە فەرمی هەواڵی کوژرانی ڕاگەیاند.
دواکوتنی بەخاکسپاردنی تەرمەکە بۆ ماوەی زیاتر لە 130 ڕۆژ (لە کۆتایی شوباتەوە بۆ سەرەتای تەممووز)، بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە:
دۆخی جەنگ و ناسەقامگیری ئەمنی: کوژرانی خامنەیی لە گەرمەی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا بوو.
بەهۆی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکان و ترسی ئێران لە لێدانی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەستەم بوو ڕێوڕەسمێکی گەورەی نیشتمانی ڕێکبخرێت.
پێویستی بە کات بۆ گواستنەوەی دەسەڵات: بەهۆی نەمانی کتوپڕی بەرزترین دەسەڵاتی وڵات، دامەزراوەکانی ئێران (وەک ئەنجومەنی شارەزایان و سوپای پاسداران) پێویستیان بە کات بوو بۆ جێگیرکردنی دۆخی ناوخۆ، ڕێگریکردن لە هەر سەرهەڵدان و خۆپێشاندانێکی نەیارانی ڕژێم، و دیاریکردنی سەرکردایەتی نوێ (موجتەبا خامنەیی، کوڕی خامنەیی وەک جێگرەوەی باوکی).
ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی ملیۆنی و پرۆسەی ئاشتی: بەرپرسانی ئێران پێشبینی دەکەن نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە سێ شاری جیاواز (تاران، قوم، مەشهەد) بەشداری لەم ماڵاواییەدا بکەن، کە ئەمەش پێویستی بە پلانڕێژییەکی لۆجیستی و ئەمنی گەورە هەبوو.
هەروەها، ڕاگەیاندنی خشتەکە هاوکاتە لەگەڵ دەنگۆی گەیشتنی ئێران و ئەمریکا بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەم دواییانەدا، کە ڕێگەی داوە دۆخەکە هێور ببێتەوە بۆ ئەنجامدانی مەراسیمەکە.