بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، ئامادەکاریی چڕ لە نێوان ئیدارەی دەروازەکاندا بەردەوامە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی نسێبین، کە شارۆچکەی نسێبین لە باکووری کوردستان بە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژاڤای کوردستان دەبەستێتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم پێداویستییە لۆجیستی و کارگێڕییەکان، لە دەستنیشانکردنی کارمەندانەوە تاوەکو جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێری، بە تەواوەتی کۆتاییان دێت.
بڕیاریشە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەروازەکە بە ڕووی هاتوچۆی مەدەنی و جموجۆڵی بازرگانیدا بکرێتەوە.
کردنەوەی ئەم دەروازەیە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریادایە.
گرنگیی دەروازەکە و مێژووی داخستنی
پێگەی ستراتیژی: دەروازەی نەسێبین-قامیشلۆ یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژاڤای و باکووری کوردستان، کە دەورێکی سەرەکی لە بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکەدا دەگێڕێت.
داخستنی لە ساڵی 2016: هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەت لە ساڵی 2016، دەروازەکە چەند جارێک بۆ ماوەی کاتی و بە مەبەستی مرۆیی کرایەوە، بەڵام دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لە دیوی باکووری کوردستانەوە بە تەواوەتی بەڕووی هاتوچۆی مەدەنی و بازرگانیدا داخرا.
کردنەوەی ئەم دەروازەیە، لەپاڵ ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان، دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە جموجۆڵی بازرگانی و کەمکردنەوەی قەیرانی ئابووری لە ناوچەکەدا.