تولای هاتیمئۆغلاری، هاوسەرۆکی دەمپارتی ڕایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات سیاسەتی قەیوم کۆتایی پێ بهێنرێت، پڕۆسەی چارەسەریش هەر لە سەرەتاوە بەهێواشی بەڕێوەچووە و حکومەت بەرپرسیاری سەرەکییە لە هەموارنەکردنەوەی یاساکان.
هاوسەرۆکی دەمپارتی لە کۆنفڕانسێکی هاوبەش لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە بارەگای دەمپاری گوتی، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی پەیوەندی بە یەک هەڵوێستی لایەنەکانەوە هەیە. بەبێ بڕیاری لایەنە سیاسییەکان و هەموار نەکردنەوەی یاساکان سەرکەوتنی پرۆسەکە مەحاڵە.
گوتیشی، سەرەتا پێویستە لایەنە سیاسییەکان بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسا دەربکەن و دواتر پەرلەمان دەتوانێت دەست بە کارەکانی بکات.
تولای هاتیمئۆغلاری، ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە پێگەی ئۆجالان دیاریبکرێت و ڕیگەکانی پەیوەندی بکرێنەوە، هەروەها دەیانەوێت، ئەو ماڵەی ئۆجالان تێیدا لەدایکبووە، بکرێت بە مۆزەخانە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەش لە کۆنفڕانسەکە ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ئەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن پارتەکانەوە کاری لەسەر کراوە و جەختدەکاتەوە لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی جێ بەجێبکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە پێویستە پرسی دانانی قەیوم کۆتایی پێ بهێنرێت، چونکە ئەمە دەستێوەردانە لە ئیرادەی گەل.