دوای بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کەیسی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو، زنجیرەیەک تاوانی مەترسیدارى تۆڕێکی ڕێکخراو ئاشکراکرا، کە تێوەگلاون لە تاوانەکانی گێچەڵی سێکسی و پەردەپۆشکردنی گەندەڵی لە دێرسیم. ئەم تۆڕە، کە بەرپرسانی باڵای حکومی و ڕێکخراوەیی تێدا بەشدارن، بە شێوەیەکی تایبەت کچە خوێندکارانی زانکۆی مونزوریان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکان، باریش دەمیرجان، نوێنەری ڕێکخراوی گەنجانی تورکیا لە دێرسیم و تونجای سۆنەل، پارێزگاری پێشووی شارەکە، ڕۆڵی سەرەکییان لە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیان بۆ ئەم تاوانانە هەبووە.
لە ئێستادا دەمیرجان تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە ڕێگەی ناوەندی گەنجانی ناو زانکۆوە گروپێکی بۆ ڕێکخستن و بە ئامانجگرتنی کچە خوێندکارەکان دروست کردووە، هەمان ئەو شوێنەی کە گومان دەکرێت گوڵستان دۆکو تێیدا ڕووبەڕووی گێچەڵ و دەستدرێژی بووبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە تونجای سۆنەل، پارێزگاری پێشووی دێرسیم، ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لە شاردنەوەى ئەم تاوانانە. باسیش لەوە دەکرێت ناوبراو بڕی 10 هەزار لیرەی وەک بەرتیل داوە بە کچە خوێندکارێک بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییەی لە لایەن ئەفسەرێکەوە کراوەتە سەری.