لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ چەند درۆنێک لە سنووری ناوچەکە کەوتنە خوارەوە، بەهۆی یەکێکیانەوە ئاگر لە چیای بەنی هەریر کەوتەوە و درۆنێکیش بەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیل کەوت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار درۆنی خۆ کوژی لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەقینەوەو هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوتەوە، بەجۆرێک دوو درۆن لە شارۆچکەی خەلیفان و درۆنێک لە شارۆچکەی هەریر و درۆنێکیش لەگەڕەکی مەعمەل قیڕ لەناو سۆران بەر ماڵێک کەوت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی بهێنرێت بە نووچەی ڕاگەیاند : درۆنەکان لە کاتژمێر پێنجی بەیانی هاتوون، یەکێک لە درۆنەکان مەترسیدار بووە چونکە ڕاستەوخۆ بەر دیواری ستارەی خانویەک کەوتوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەو درۆنەی لە هەریر کەوتۆتە خوارەوە لەنزیک ئاوەدانی بووە، ئاگری لە پوش و پاوانی ناوچەکە بەرداوە و بەشێکی زۆری ناوچەکە سوتاوە، کەمێک پێش ئێستا لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی شارۆچکەی هەریر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا.
لە ئێستادا هێزە ئەمنیەکانی سۆران لە شوێنی ڕوداوەکەی گەڕەکی مەعمەل قیڕن و ڕێگە بە میدیاکان نادەن ڕوماڵی ڕوداوەکە بکەن و دیمەنی شوێنی ڕوداوەکە بگرن.