ئامارەکانی باری گواستنەوەی دەریایی نیشانی دەدەن، کە ڕۆژی چوارشەممە، ژمارەیەکی کەمتر لە کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئەمەش دوای یەکەم ڕۆژ دێت لە سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، لە ژێر سایەی پەرەسەندنی هێرشە دوولایەنەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کەنداودا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی کێپلەر بۆ بەدواداچوونی کەشتییەکان، ڕۆژی چوارشەممە تەنها حەوت کەشتی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، کە زۆربەیان ڕێڕەوی ئێرانییان بەکارهێناوە، ئەمەش دابەزینێکی بەرچاوە بەراورد بە ڕۆژی پێشتر، کە 13 کەشتی تێپەڕیبوون.
ئێران لە درەنگانی شەوی شەممەی ڕابردووەوە داخستنی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند. لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕێگری لە کەشتییەکان دەکەن بۆ تێپەڕین بەم دەروازە ئاوییە گرنگەدا، کە پێش دەستپێکردنی جەنگ، نزیکەی 20%ی بارە نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو.
ئامارەکان ئاشکرای دەکەن، کە ڕۆژی چوارشەممە، چوار کەشتیی بەتاڵ چوونەتە ناو کەنداوەوە، کە پێکهاتوون لە سێ کەشتی بچووکی نەوت و کەشتییەکی گواستنەوەی دانەوێڵە. هاوکات ئەو سێ کەشتییەشی کە دوێنێ چوارشەممە لە گەرووەکە چوونەتە دەرەوە، باری گازی شلی پێترۆلیۆم (LPG)، خەڵووز و سووتەمەنیی مازوتیان پێ بووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کێپلەر، ڕۆژی سێشەممە کشتییەکی جۆری سوێزمەکس، کە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی سعوویی پێ بووە، لە کاتێکدا بە گەرووی هورمزدا چووەتە دەرەوە، کە ئامێری ڕادار و پەیوەندییەکانی کوژاندووەتەوە تا شوێنەکەی ئاشكرا نەبێت.