ترەمپ پەلاماردانی بۆریی نەوتی سعودیە دەخاتە ئەستۆی ئێران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند بە ئەگەری زۆرەوە ئێران بەرپرسە لە هێرشە درۆنییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە (10ی ئەیلولی 2026) بۆ سەر بۆریی نەوتی ستراتیژیی (ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا) لە سعودیە.
ترەمپ لە سەردانێکیدا بۆ دەبڵنی پایتەختی ئایرلاند ئاماژەی بەوە کرد, دوای ڕووداوەکە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ئەنجام داوە. هێرشەکە کرابووە سەر بۆرییەکی 1200 کیلۆمەتری کە نەوتی کێڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور و ڕێگە بە ڕیاز دەدات بەبێ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا نەوت هەناردە بکات.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاندبوو, هێرشەکە لە ڕێگەی چەندین درۆنەوە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراوە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەڵام لەسەر داوای عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریان داوە لەم قۆناغەدا وەڵامی سەربازی نەدەنەوە تاوەکو بەغدا ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر.
لە بەرامبەردا، گروپی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بە یەکجاری ڕەتی کردەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبووبێت و ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت لە قبووڵکردنی تۆمەتەکان. هاوکات ئامادەییی خۆی ڕاگەیاند بۆ بەشداریکردن لە هەر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمی بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکان.