بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ڕێنماییەکی فەرمیدا، بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی کرێکارانی بیانیی خزمەتگوزاریی ماڵانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی قەدەغە کرد، بە مەبەستی پاراستنی کەرامەت، شکۆ و تایبەتمەندیی کەسییان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە بەکارهێنانی نایاسایی وێنەی ئەو کرێکارانە بۆ مەبەستی ڕیکلام، بازرگانی، دروستکردنی ناوبانگ یان ناوەڕۆکی گاڵتەجاڕی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کرێکارانی بیانی خاوەنی تەواوی مافە مرۆیی و یاساییەکانن و نابێت لە دەرەوەی گرێبەستی کاریش ناچار بە هیچ کارێکی دیکە بکرێن، هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە.