بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا دڵنیایی دایە هاوڵاتییان و مووچەخۆران، کە سەرمایە و شایستە داراییەکانیان لە "بانکی تەیفی ئیسلامی" تەواو پارێزراوە و سەپاندنی سەرپەرشتیاریش بەسەر بانکەکەدا تەنیا ڕێکارێکی چاودێرییە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی دارایی.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە، دانانی سەرپەرشتیار بۆ ماوەی 18 مانگ بەهۆی تۆمارکردنی چەندین سەرپێچیی دارایی و کارگێڕییەوە بووە، بەڵام لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرپەرشتیارەکە کار بۆ بەهێزکردنی نەختینەیی دەکرێت و پرۆسەی ڕاکێشانی پارەش بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ و ڕێکخراو بەڕێوە دەچێت.
دەسەڵاتی دارایی عێراق جەختی کردەوە، دابینکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان لەو بانکە تەوتین کراوە لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت، هاوكات داواشی لە هاوڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد خۆیان لە دەنگۆکان بەدوور بگرن و تەنیا پشت بە کەناڵە فەرمییەکان ببەستن.