حکومەتی عێراق و تورکیا لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی پاڵاوگەیەکی هاوبەشی نەوت لە بەندەری جەیهان گەیشتنە ڕێککەوتن، هاوکات هەردوولا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە بواری هەناردەکردنی وزە واژۆ بکەن.
عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ڕایگەیاند، لە کۆتایی تەممووزی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ ماوەی ساڵێک واژۆ کراوە تاوەکو زەمینە بۆ ڕێککەوتنە گشتگیرەکە خۆش بگرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە تەنیا گواستنەوەی نەوت ناگرێتەوە، بەڵکو پاڵاوتنی نەوتی خاوی عێراق لە جەیهان و ڕەوانەکردنی بەرهەمە سووتەمەنییەکان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا دەگرێتەوە، ئەمەش داهاتێکی زیاتر بۆ عێراق دابین دەکات.
لای خۆشییەوە، وەلید خەدووری، پسپۆڕی ئابووریی وزە ڕایگەیاند، دروستکردنی پاڵاوگە لە ناو خاکی تورکیا هەنگاوێکی زیرەکانەیە و ڕێگە بە عێراق دەدات بەرهەمە پاڵێوراوەکان ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەوروپا بکات کە خواستێکی زۆریان لەسەرە.
بە گوێرەی ئامارەکانی سۆمۆ، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی کەرکوک - جەیهان لە مانگی ئابدا ڕۆژانە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل بووە. هەروەها کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا (بە داهاتی نزیکەی 4.5 ملیار دۆلار)، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە لە شوباتی ڕابردووەوە.