بڕیارە سبەی چوارشەممە، شەشەمین کاروانی ئاوارەکانی عەفرین لە شاری قامیشلۆ بەرەو عەفرین بەڕێ بکەون، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی کاتی واژۆ کراوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵی ڕۆناهی لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوی کردوونەتەوە، ئەو کاروانە نزیکەی 1000 خێزانی دانیشتووی شارەکانی قامیشلۆ و دێرک لەخۆ دەگرێت، سبەی بەیانییەکەی ڕۆژی 21ـی ئایار، کاتژمێر 07:00 لە قامیشلۆوە بەرەو عەفرین بەڕێ دەکەون.
ئەم پڕۆسەیە لە درێژەی ئەو هەوڵانەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ سەر ماڵی خۆیان، دوێنێ 19ـی ئایار، یەکەمین کاروانی ئاوارەکانی عەفرین کە لە کۆبانێ نیشتەجێ بوون و 600 خێزانیان لەخۆ دەگرت، گەیشتنە شاری عەفرین.
سەبارەت بە ناوچەی جزیرێ، پێشتر چوار کاروانی دیکە بەم شێوەیەی خوارەوە گەڕاونەتەوە بۆ شاری عەفرین و شارۆچکەکانی سەر بەو شارە:
- 9ـی ئادار: 400 خێزان.
- 4ـی نیسان: 200 خێزان.
- 14ـی نیسان: 800 خێزان.
- 9ـی ئایار: نزیکەی 1000 خێزان.