گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، دروستکردنی شوێنێک بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی تەنها هەوڵێکە بۆ هەڵخەڵەتاندنی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، و جەختیشی کردەوە که تاوەکوو ڕێبەری پەکەکە ئازاد نەکرێت، هیچ باسێک لە چەکدانان و چۆڵکردنی قەندیل بوونی نابێت.
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کەجەکە، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (شارپرێس) ئاماژەی بەوە دا که سوپای تورکیا بە دەیان ڕێگەی سەربازیی نافەرمی لە سنووری بادینان دروستکردووە و کاروانی سەربازی بەو ناوچانەدا تێدەپەڕێنێت. ئاشکراشی کرد که ئەو دارانەی لە ناوچەکە دەبڕدرێنەوە، لەڕێگەی ناوچەی چەلێی باکووری کوردستانەوە بۆ تورکیا دەگوازرێنەوە.
گوتەبێژی کەجەکە هۆشداریی دا لەوەی کە ئەگەر هێزەکانیان لە قەندیل نەمێنن، دارەکانی ئەو ناوچەیەش هەمان چارەنووسی دارەکانی بادینانی دەبێت، و دووپاتی کردەوە که لە ئێستادا پرۆسەی چۆڵکردنی قەندیل بە هیچ شێوەیەک لە ڕۆژەڤی هێزەکانیاندا نییە.