ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهاتەی کابینەی نوێی حکومەت کۆدەبێتەوە؛ ئەندامێکی چوارچێوەکەش دەڵێت، زۆربەی گرفتەکان چارەسەر کراون.
عودەی عەبدولهادی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆی چڕ لە نێوان لایەنەکاندا هەبووە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان و پشکی لایەنە سیاسییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ "یەکلاکەرەوە" دەبێت بۆ دیاریکردنی ناوی کاندیدی وەزارەتەکان، بەتایبەت ئەو وەزارەتە گرنگانەی کە تاوەکو ئێستا کێبڕکێیان لەسەرە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، زۆرینەی ئاستەنگەکان تێپەڕێنراون و پێشبینی دەکرێت لە 24کاتژمێری داهاتوودا نەخشەی تەواوی کابینە نوێیەکە و بەشی لایەنەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون ببێتەوە.