دەزگای زمانی کوردی کە بە "سەزەکە" ناسراوە، لە ڕاگەیێندراوێکدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژاڤای کوردستان، داواکارییەکی بەپەلە ئاراستەی حکومەتی کاتیی سوریا دەکات.
تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت بڕیارێکی فەرمی و ڕوون بۆ دانپێنان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە وڵاتەکەدا دەربکرێت، چونکە بە بڕوای ئەم دەزگایە، پرسی زمان تەنیا پرسێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو بنەمایەکی هەرە سەرەکی و بنەڕەتییە بۆ چەسپاندنی چەمکی هاوڵاتیبونی یەکسان و بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتی ڕاستەقینە لە سوریای داهاتوودا.
هاوکات سەزەکە داوا دەکات کە زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکیی خوێندن و پەروەردە لە ناوچە کوردییەکان بمێنێتەوە و سەرجەم دامەزراوە پەروەردەیی و زمانەوانییەکانی ئێستا بە شێوازێکی شکۆمەندانە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا جێگیر بکرێن، نەک هەوڵی سڕینەوەیان بدرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە دەزگاکە بە توندی ڕەخنە لە هەڵسوکەوتەکانی ئەم دواییەی ناو دادگای حەسەکە دەگرێت و وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی "سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و تاکزمانی" ناوی دەبات.
ڕاشیدەگەیەنێت کە لە بری قەدەغەکردنی زمان، پێویست بوو حکومەتی کاتی کار بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی داگیرکاری لە عەفرین و سەرێکانی بکات و ڕێگە بۆ گەشەکردنی زمانی دایک لەو ناوچانە خۆش بکات، چونکە لە کۆتاییدا دانپێنان بە مافی زمانیی کورد مەرجی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەی سەرکەوتنی هەر پڕۆسەیەکی سیاسی و پێکەوەژیانە لە ناوچەکەدا.