گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران ڕایدەگەیێنێت، نزیکەی 35 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی بوونەتەوە و جەخت دەکاتەوە کە دابەشبوونی بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکاندا زۆر نایەکسانە.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، عیسا بوزورگزادە، گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین ئاماری دۆخی ئاوی وڵاتەکەی خستەڕوو.
بوزورگزادە ڕایگەیاند: "لە ئێستادا نزیکەی 35 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران لەژێر گوشاری کەمئاوی دان، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەردەوام بن لە دەستپێوەگرتن بە بەکارهێنانی ئاوەوە."
گوتەبێژی پیشەسازیی ئاو ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی بارانبارین لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازییەکی زۆری هەیە.
گوتیشی: "دابەشبوونی باران لە وڵاتدا زۆر نایەکسانە؛ لە کاتێکدا پارێزگاکانی وەک بوشەهر، هورمزگان، ئیلام و کرمان بارانێکی زۆر باشیان تێدا تۆمارکراوە، بەڵام لە بەرانبەردا پارێزگاکانی تاران، قوم، یەزد، مەرکەزی و ئەسفەهان بەدەست کەمیی بارانبارینەوە دەناڵێنن."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە هاتنی ساڵێکی پڕباران دەکەن، بوزورگزادە گوتی: "تاوەکو ئێستا 11 پارێزگای ئێران دۆخی بارانبارینیان لەژێر ئاستی ئاساییدایە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بگوترێت وڵاتوشکەساڵی تێپەڕاندووە."
ئەم هۆشدارییەی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدایە، وڵاتەکە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی درێژخایەن، دەرهێنانی "بێسەروبەری" ئاوی ژێرزەوی لە سەرچاوە سروشتییەکاندا بووەتەوە.
ئەم هۆکارانە پێکەوە وایانکردووە زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران، لە نێویاندا تارانی پایتەخت، لەبەردەم مەترسیی جددیی پچڕانی ئاوی خواردنەوەدا بن.