ئەمڕۆ (16ـی 3ـی 2026) 38 ساڵ بەسەر تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئەمڕۆش ئێش و ئازاری ئەو برینە، هەر وەک خۆیەتی و ساڕێژ نەبووە.

لە کۆتاییەکانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، لە کاتێکدا گەلی کورد ئامادەکاریی بۆ جەژنی بەهار و نەورۆز دەکرد، بە پاساوی بوونی سوپای پاسدارانی ئێران لە شارەكه، بە بڕیاری (عەلی حەسەن مەجید)، ئامۆزای سەدام حوسێن و سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی هەرێمی باکووری عێراقی ڕژێمی بەعس، دروست لە کاتژمێر 11:35 پێش نیوەڕۆی 16ی ئازاری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق، بە دەیان بۆمبی کیمیایی هەڵەبجەیان بۆردومان کرد، چەند خولەکێک دوای ئەوەش هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، بەهۆی قورسی کیمیاییەکەوە، شەهید بوون.
تاوانهكه چۆن ڕویدا؟
لە سەرەتادا، سوپای عێراق بە تۆپ و هاوەن بۆردومانی شارەکەی کرد، کە ئامانج لێی شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵان بوو، بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکە نەتوانن بە قایمکردنی ماڵەکانیان، خۆیان لە کیمیاییەکە بپارێزن و ڕاستەوخۆ بەریان بکەوێت.
دواتر ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی هاتن و ئەرکیان ئەوە بوو، هەر یەکەیان لە سەر ڕێگە سەرەکییەکانی شارەکە، بۆمبهكان ههڵدهنه خوارهوه، ئەوەشیان بۆ ئەوە بوو کە خەڵکەکە هیچ پەناگەیەکیان نەمێنت، تا خۆیانی تێدا حەشار بدەن.

دوای قۆناغی دووەم و گرتنی ڕێگەکان، چەند فڕۆكهیهكی دیکەی جەنگی، کە ئەرکیان هەڵدانی بۆمبە کیمیاییەکان بوو، هاتن و وەک ئەوەی پلانێکی تۆکمەی بۆ دانرابێت، کوچە و کۆڵانەکانی هەڵەبجەیان بۆردوومان کرد.
ئەو بۆمبانەی هەڵیاندا، سەرەتا بۆنی سێویان بەناو شاردا بڵاوکردەوە، بەڵام ئەوە تەنها خەڵەتاندن بوو، دوای چەند خولەکێک، ئەوانەی ڕاستەوخۆ گازەکەیان بەرکەوت، سییەکانیان لەکار دەکەوت و پێستیان بەتەواوی دەسووتا، وردە وردە گازە کیمیاییەکە بەناو شاردا بڵاوبووە و هەزاران هاوڵاتی مەدەنی شەهید کرد.

بۆمبەکان پڕکرابوون لە گازی "خەردەل، سارین، تابون و ڤی ئێکس" کە هەر یەکەیان بۆ ئامانجێک بەکارهێندرابوون، نمونهی گازە هەرە کوشندەکانیش خەردەل و سارینە، کە بۆ پەکخستنی سییەکان، کوێرکردن و سوتاندنی پێست بەکاردێت، تا قوربانی بە هیچ شێوەیەک توانای بەرگریی و ڕاکردنی نەمێنێت و دەستبەجێ گیان لە دەست بدات.