سەرەڕای پەککەوتنی جەستەیی و تێکچوونی دۆخی تەندروستی، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەتیدەکەنەوە زیندانیی سیاسی ئۆندەر پۆیراز ئازاد بکەن، کە ئێستا لە زیندانی ژمارە 2ی دوملو لە پارێزگای ئەرزەڕۆم بەندکراوە.
ئۆندەر پۆیراز لە 14ی کانوونی یەکەمی 2015 و لە کاتی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە شارۆچکەی جزیرەی سەر بە پارێزگای شرناخ، بە برینداری دەستبەسەر کرا و پاشان سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا. پۆیراز لە کاتی دەستگیرکردنیدا فیشەکی بەرکەوتبوو، بەو هۆیەشەوە پلاتین لە پشتیدا جێگیر کراوە، هاوکات تەنها یەک گورچیلەی هەیە و ئەویش بە تەواوی کار ناکات.
هاوسەری ئەو زیندانە سیاسییە، فردەوس پۆیراز ڕایگەیاند، هاوسەرەکەی لەناو زینداندا 5 بۆ 6 جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی نەشتەرگەریی فیتقی مل لە ئەرزەڕۆم، لای ڕاستی جەستەی بە تەواوی ئیفلیج بووە و دوو ساڵە تەنها بە عەرەبانەی کەمئەندامان دەجولێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر هاوسەرەکەی تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
فردەوس پۆیراز تیشکی خستە سەر زەحمەتییەکانی ئەم 11 ساڵەی ڕابردووی خێزانەکەیان بەهۆی هاتوچۆی بەردەوامی زیندانەکان و کێشەی دارایی، داواشی کرد لە پێناو بەدیهاتنی دادپەروەری، سەرجەم زیندانیانی نەخۆش و سیاسی بە زووترین کات ئازاد بکرێن.