گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) ڕایدەگەیێنێت کە ئامانجی سەرەکیی پڕۆسەی ئاشتی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پرسی کورد بەشێوەیەکی یاسایی و دروست پێناسە بکرێت.
بەدران ئۆزتورک، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی ڕایگەیاند، داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی بۆ ئەم قۆناخە دەبێت بە هاوبەشی و لەگەڵ سەرجەم بەردەنگ و لایەنە سەرەکییەکانی پڕۆسەی ئاشتیدا ئەنجامبدرێت.
ئۆزتورک جەختی لەوەش کردەوە کە داواکاریی سەرەکیی گەلی کورد لەم پڕۆسەیەدا بریتییە لە چەسپاندنی هاوڵاتیبوونی یەکسان، بە فەرمی ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی پێگەی یاسایی کلتووری خۆی.
گوتەبێژەکەی دەم پارتی ئاماژەی بە مێژووی پڕۆسەکە کرد و گوتی: "سوتاندنی چەکەکان لە 11ـی تەممووزدا هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگ بوو؛
ئێستاش کاتی ئەوەیە لایەنەکان بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان لەم پڕۆسەیەدا جێبەجێ بکەن." ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە دەسەڵاتدارانی حکومەت تەنیا لە ڕێگەی نانەوەی هەنگاوی کرداری و جێبەجێکردنی چاکسازییە یاساییەکانەوە دەتوانن نیازپاکیی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ سەرخستنی ئاشتی نیشان بدەن.
شایەنی بیرهێنانەوەیە، پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە 27ـی شوباتدا لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکرد؛
لە ئێستاشدا ڕای گشتی، کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا چاوەڕێی دەستپێکردنی هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکانی تایبەت بەم پڕۆسە چارەنووسسازەن.