ئەندامێکی پەیمانگای کشتوکاڵی زانکۆی ڕازی لە کرماشان هۆشداری دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران و ڕایدەگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی بیست ساڵیش لەسەر یەک بارانی زۆر ببارێت، قەرەبووی سەرچاوە وشکبووەکانی ئاوی ژێرزەوی ناکرێتەوە و کێشەی کەمئاوی بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ئیسنا)، حەمیدڕەزا چەقازەردی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت تەنیا پشت بە بارانبارین یان دیاردەی کەشوهوایی وەک ئەلنینۆ ببەسترێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو، چونکە جگە لە کەمبارانی، زنجیرەیەک سیاسەتی هەڵە قەیرانەکەیان زۆر قووڵتر کردووەتەوە.
ئەم مامۆستایەی زانکۆ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی ئاو بۆ هەڵەی ستراتیژی لە کەرتی کشتوکاڵدا دەگەڕێنێتەوە، لەوانە چاندنی ئەو بەرهەمانەی کە هیچ گونجاونەتان لەگەڵ کەشوهەوای وشک و نیمچەوشکی ئێراندا نییە، لە کاتێکدا شێوازی کشتوکاڵکردن لەو وڵاتەدا پێچەوانەی سروشتی ناوچەکەیە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، چەقازەردی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی دوای وشکبوونیان پێکهاتە و توانای گلدانەوەی ئاو لەدەست دەدەن و ناتوانن بگەڕێنەوە دۆخی سەرەتایی خۆیان. ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئێران بەهۆی چالاکبوونی نزیکەی یەک ملیۆن بیری ئاوی بێمۆڵەت و نازانستییەوە، لە ڕووی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوییەوە تووشی دۆخێکی نائاسایی و جۆرێک لە «مایەپوچیی ئاوی» بووە.