ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی زمانی کوردی و کولتووری "زمانخانە" لە شاری ئۆستەنبوڵ، درێژە بە خول و پۆلەکانی فێربوونی زمانی کوردی دەدات بۆ مناڵان و گەورەساڵان، و پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ خولی نوێش بەردەوامە.
ئەم ناوەندە کە لە ٢١ی حوزەیراندا دەرگاکانی بەڕووی هاوڵاتییاندا کردووەتەوە، لە ئێستادا بە دوو پۆل بۆ گەورەساڵان و پۆلێکی تایبەت بە مناڵان دەستی بە وانەوتنەوەی زمانی کوردی کردووە.
لە کاتێکدا وانەکان لە جێبەجێکردندان، پێشوازیکردن لە بەشداربووی نوێش بەڕێوەدەچێت.
ئارسلان دەمیر، هاوسەرۆکی زیمانخانە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەوە دا کە بە ڕەچاوکردنی بوونی ملیۆنان کورد لە ئۆستەنبوڵ، دامەزراندنێکی ناوەندێکی وەها پێویستییەکی گرنگ و هەستیارە.
دەمیر جەختی لەوەش کردەوە کە لە سەرەتای کردنەوەی ناوەندەکەوە پێشوازییەکی گەورە کراوە و پاراستنی زمان فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی بە نەوەکانی داهاتوو، و گوتیشی: "ئێمە هەمیشە دەڵێین زمانمان شەرەف و کەرامەتی ئێمەیە، بەڵام پێویستە بە کردەوەش خاوەنداریی لێ بکەین."
ئاشکراشی کردووە ئامارە سەرەتاییەکان، لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا نزیکەی ٨٠ کەس بۆ بەشداریکردن لە خولەکاندا داواکارییان پێشکەش کردووە، و لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەمین وانەکانی مناڵان و گەورەساڵان، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ڕێژەی داواکارییەکان زیاتر بێت.
لە کۆتاییشدا، هاوسەرۆکی ناوەندەکە بانگەوازییەکی ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسانە کرد کە دەیانەوێت زمانی دایکیان فێر ببن یان شارەزایی خۆیان تێیدا پەرە پێ بدەن، و داوای لێ کردن سەردانی زمانخانە بکەن.