لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف ڕاگیران.
ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، گەشتی سەرجەم فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ نەجەف لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هەڵوەشێندراوەتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بە ڕاگەیەنراوی فڕۆکەخانەی نەجەف کردووە و دەڵێت، سەرجەم گەشتەکان بە هاتن و چوونەوە لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و ئێران لە کاتژمێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ڕاگیراون.
هاوکات، ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە گەشتەکانیان بۆ نەجەف هەڵوەشێندراوەتەوە.
لای خۆیەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ڕایگەیاند کە ڕاگرتنی ئەم گەشتانە لە چوارچێوەی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکایە بۆ سەر هێڵە ئاسمانییەکان و کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران.