ڕاستەوخۆ

عێراق لەبەردەم وەرچەرخان، سودانی و ململانێی مانەوە لە کورسیی دەسەڵات

reset font size increase font size

ئامادەکردنی/ شۆخان کەریم


عێراق بەرەو قۆناغی یەکلاکەرەوە هەنگاو دەنێت، سێ ساڵ و پێنج مانگ و 18 ڕۆژ بەسەر تەمەنی حکومەتێکدا تێدەپەڕێت کە لەنێو جەرگەی چەقبەستوویی سیاسیی وڵاتدا لەدایکبوو، محەمەد شیاع سودانی، کە لەسەر پاشماوەی هەڵبژاردنە پڕ کێشەکەی ٢٠٢١ هاتە سەر کار، ئێستا تەنها شەش مانگی لە تەمەنی یاسایی حکومەتەکەی ماوە، ئایا پیاوی خزمەتگوزارییەکان دەتوانێت لە تاقیکردنەوەی مانەوەدا سەرکەوێت، یان ململانێی جەمسەرەکان هاوکێشەکە سەرەوژێر دەکەنەوە؟

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، کاتێک عێراقییەکان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام ئەنجامەکەی چەقبەستووییەکی یەک ساڵەی لێکەوتەوە، دوای کشانەوەی سەدرییەکان، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ سودانی ڕاسپێردرا و لە ٢٧ی هەمان مانگدا کابینەکەی متمانەی وەرگرت، ئێستاش عێراق خۆی بۆ وەرزێکی نوێی سیاسی ئامادە دەکات.

ململانێکان لەنێو ماڵی شیعەدا گەیشتووەتە لوتکە، سودانی دەیەوێت بە لیستێکی سەربەخۆ متمانەی خولی دووەم وەربگرێتەوە، بەڵام لەو لاوە نوری مالیکی وەک ڕکابەرێکی سەرسەخت دەرکەوتووەتەوە، هاوکات ناوی عەبدولحسێن عەبتان وەک کاندیدێکی تەکنۆکرات دەهێنرێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە، سێبەری گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر تەواوی هاوکێشەکەی تەمومژاوی کردووە.

بۆ هەرێمیش، ناوەکان گرنگ نین، هێندەی گەرەنتییەکان گرنگن، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان سودانی وەک کارەکتەرێکی نەرم دەبینێت، بەڵام نیگەرانە لە فشارە یاساییەکانی سەر موچە و نەوت، تێڕوانینی هەرێم بەرەو پشتیگیریکردنی ئەو کاندیدە دەچێت کە "ڕێککەوتنی سیاسی" و مافە دەستوورییەکان نەکاتە قوربانی ململانێی لایەنەکان، مەیلی کورد بۆ مانەوەی سودانی یان هاوپەیمانی لەگەڵ سەدرییەکان بەهێزە، بە مەرجێک کلیلی بودجە و نەوت لە بەغداوە بە فەرمی بچەرخێنرێت.

ئەم ڕۆژانەی داهاتوو بۆ سودانی، یەکلاییکەرەوە دەبن. ئایا دەبێتە یەکەم سەرۆک وەزیران کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بتوانێت دوو خولی بەسەریەکەوە بباتەوە؟ یان جارێکی دیکە نەخشەی سیاسیی بەغداد بە ڕێککەوتنێکی نوێ و دەموچاوێکی جیاواز دادەڕێژرێتەوە؟

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.