ڕاستەوخۆ

بنکەیەکی دیکەی ئیسرائیل لە عێراق ئاشکرا بوو

reset font size increase font size

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی پەردە لەسەر هەبوونی دوو بنکەی سەربازیی نهێنی ئیسرائیل لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراق لادەبات و ئاشکرای دەکات، کە دۆزینەوەی یەکێک لەو بنکانە بووەتە هۆی کوژرانی شوانێکی عێراقی و سەربازێکی عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە ناوچە بیابانییەکانی عێراق دوو بنکەی نهێنی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەکارهێناوە. دۆزینەوەی یەکێک لەو بنکانە لە ناوچەی (نوخەیب) لەسەر سنووری عێراق و سعوودیە بە ڕێکەوت بووە، کاتێک شوانێکی عێراقی بە ناوی عەوز ئەلشەمەری (29 ساڵ) بە هەڵە چووەتە ناو سنووری یەکێک لەو پێگە سەربازییانەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، شوانەکە دوای ئەوەی بەرپرسانی سەربازیی عێراقی لە بوونی شوێنێکی گوماناوی ئاگادار کردووەتەوە، لەلایەن کۆپتەرێکی نەناسراوەوە ڕاوەدوونراوە و تەقەی لێکراوە تا گیانی لەدەستداوە. دواتر کاتێک فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا هێزێکی هەواڵگرییان ڕەوانەی شوێنەکە کردووە، ئەوانیش ڕووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە و لە ئەنجامدا سەربازێکی عێراقی کوژراوە و دوانی تریش بریندار بوون.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بە ناسنامەی ئەو هێزانە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەرکانی سوپا پەیوەندی بە ئەمریکییەکانەوە کردووە، ئەوان ڕەتیان کردووەتەوە ئەو هێزانە ئەمریکی بن و گوتی: "ئەمە بەغدای گەیاندە ئەو بڕوایەی، کە هێزەکە ئیسرائیلییە و ئەمریکا یان ئەو چالاکییانەی شاردووەتەوە، یان هەندێک سەرکردەی عێراقییان چەواشە کردووە کە بنکەکان ئەمریکین".

ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاند: "ئیسرائیل بنکەی نوخەیبی بۆ پاڵپشتی ئاسمانی، پڕکردنەوەی سووتەمەنی و چارەسەری پزیشکی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەکارهێناوە و لە کۆتایی 2024ەوە دەستی بە دروستکردنی بنکەی دووەم لە ناوچەیەکی تری دوورەدەست کردووە".

بەرپرسەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە ئێستادا بنکەی نوخەیب ناچالاک کراوە، بەڵام چارەنووسی بنکەی دووەم هێشتا نادیارە. هاوکات کەسوکاری شوانە کوژراوەکە داوای لێکۆڵینەوەی فەرمی و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لە حکومەتی عێراق دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، ئیسرائیل پێشتریش لە کاتی شەڕی دوانزە ڕۆژەی حوزەیرانی 2025دا، عێراقی بۆ کورتکردنەوەی مەودای فڕینی فڕۆکەکانی و دابینکردنی پێداویستی لۆجستی بەکارهێناوە.

باشوری کوردستان
نوچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.