بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی نێو زیندانەکان، عێراق دەست بە هەنگاوی کرداری دەکات بۆ گواستنەوە و ناردنەوەی شەش هەزار زیندانیی بیانی بۆ وڵاتەکانیان، تاوەکو ماوەی حووکمەکەیان لەوێ تەواو بکەن.
ڕۆژنامەی سەباح بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دادی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی دەستپێکردووە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامە و یادداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانی، بە ئامانجی گواستنەوەی نزیکەی شەش هەزار زیندانی کە هەڵگری 61 ڕەگەزنامەی جیاوازن.
لەم پێناوەشدا، لە ڕێگەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتان، کار بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان دەکرێت.
ئەحمەد لەعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی داد، بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە: "کار لەسەر کاراکردنی ڕێکارە دیپلۆماسییەکان دەکەین بۆ گواستنەوەی ئەو زیندانیانە تاوەکو ماوەی زیندانییکردنیان لە وڵاتی خۆیان تەواو بکەن."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەکە هەموو ئەو زیندانییە بیانییانە دەگرێتەوە کە لە چاکسازییەکانی عێراقداون، تەنیا ئەو زیندانییانە نەبێت کە حووکمی لەسێدارەدانیان هەیە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە، لە ئێستادا زیندانی ناوەندیی کەرخ تەرخان کراوە بۆ کۆکردنەوە و ڕاگرتنی ئەو شەش هەزار زیندانییە.
ئەم زیندانییە بیانیانە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپی، ئەمریکی و کیشوەرەکانی دیکەی جیهانن، بە جۆرێک کە ڕەگەزنامەی سووری لە پلەی یەکەمدایە و دوای ئەویش ڕەگەزنامەکانی مەغریب، ئەمریکا، کەنەدا، ڕووسیا، تونس، تورکیا و چەندین وڵاتی دیکە دێن.