سوپای پاسدارانی ئێران بە بهانەی بەڕێوەبردنی مانۆڕی سەربازی و ئەنجامدانی تۆپباران لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاتوچۆی هاووڵاتییانی لەو ناوچەیەدا بە تەواوی قەدەغە کرد.
دانیشتوویەکی گوندێکی دامنێنی شاهۆ بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیەندووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سپای پاسداران کاروانێکی پێکهاتوو لە کەلوپەل و کەرەستەی قورسی سەربازیی لە دەوروبەری شاهۆ لە ڕوانسەر جێگیر کردووە.
لە ڕێگەی ئەنجومەنی گوندەکانەوە هۆشداری دراوە کە هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ ناوچە دیاریکراوەکان قەدەغەیە و بەرزاییەکانی شاهۆ، لەوانەش ناوچەی "پیرخدر"، تۆپباران دەکرێن.
بەپێی ئاگاداریی ئەنجومەنی گوندی "شوانکارە" لە ناوچەی شاهۆی ڕوانسەر، قەدەغەی هاتوچۆ لە بەرزاییەکاندا لە گوندی بەدرئاواوە تاوەکوو پیرخدر و تەنگەی گڵیچی دەگرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەتای خەرمانانی ئەمساڵیش، بەهۆی تۆپبارانی سپای پاسداران لە ناوچەکانی سەر بە کامێران، ئاگرێکی بەرفراوان لە ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ کەوتەوە.