پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ڕۆژاوای کوردستان بۆ سەر زێدی خۆیان بەردەوامە و بڕیارە سبەی دووشەممە کاروانی سێیەمی ئاوارەکانی سەرێکانی کە لە ٥٠٠ خێزان پێکدێت، بگەنەوە شارەکە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (نوچە تیڤی)، محەمەد حاجۆ، ئەندامی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، ڕایگەیاند کە سەرەڕای گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان لە قۆناغەکانی پێشوودا، بەڵام زۆرینەی ئەو ئاوارە کوردانەی خەڵکی ناوەند و گوندەکانی دەوروبەری سەرێکانین، هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحالی خۆیان.
ناوبراو هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە که سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کاتی پێشتر بەڵێنی دەرکردنی کەسانی هاوردەی داوە، بەڵام هێشتا ئەو خێزانانەی خەڵکی عێراق و ناوچەکانی سەر بە پارێزگای دێرەزوورن لە شارەکەدا ماون و دەرنەکراون، و هەر ئەمەش بووەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی یەکجارەکیی دانیشتووە ڕەسەنەکانی سەرێکانی.