ڕاستەوخۆ

زەیدی فەرمانی ئامادەباشیی گشتی لە سەربازگە و بنکەکانی عێراق دەکرد

reset font size increase font size

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارە نزیکەکان لە ئێران، فەرمانی بەرزکردنەوەی ئاستی "ئامادەباشی" لە سەرانسەری بنکە سەربازییەکاندا دەرکرد، بەتایبەت بنکەکانی حەشدی شەعبی، ئەمەش بە وتەی گوتەبێژی سەربازیی زەیدی.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە لە سەرەتای ڕۆژی چوارشەممەدا پێگەکانی حەشدی شەعبییان لە سەرانسەری عێراق کردە ئامانج، دوای ئەوەی ریاض میلیشیا عێراقییە نزیکەکانی لە تاران تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنەسەر ژێرخانی نەوتی سعودیە.

گوتەبێژی سەربازی سەباح ئەلعەنووم بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند، زەیدی "ڕێنمایی توند و دەستبەجێی ئاراستەی سەرانسەری فەرماندەییە مەیدانییەکان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین ئاست لە سەرانسەری کەمپ و بنکەکاندا، کە دیارترینیان بنکەی هێزە چەکدارەکان و دەستەی حەشدی شەعبییە".

عەنووم ئەوەشی خستەڕوو کە زەیدی ڕێنمایی کردووە بۆ "جێبەجێکردنی پلانی هەواڵگریی خۆپارێزی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هێرشێک."

ئاماژەی بەوەشکرد، ململانێ هەرێمییەکان هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر سەقامگیری عێراق دروست دەکەن، "بەتایبەت کاتێک لایەنە دەرەکییەکان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی هێرشی تاکلایەنە یان بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق وەک گۆڕەپانێک بۆ کارەکانیان."

گوتیشی: "مەترسییەکە تەنها لە کاریگەرییە مادییەکانی هێرشەکاندا نییە، بەڵکو لە هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی ململانێ"

جێی باسە ئەم هێرشانە لە سەرانسەری توێژە سیاسییەکانی عێراقدا سەرکۆنەی توندیان لێکەوتەوە، بەتایبەت لەلایەن میلیشیا نزیکەکانی ئێرانەوە کە هۆشداری توندیان ئاراستەی هەردوو بەغدا و واشنتن کرد.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.