بارینی تەرزە لە سنووری پارێزگای مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیانی زیاتر لە 100 ملیار ڕیاڵ بە باخی 10 گوندی ناوچەکە دەگەیێنێت و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە داوا لە جوتیاران دەکات سیستمەکانی دژە تەرزە بەکاربهێنن.
بایەزید حەسەنپوور، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەهاباد ڕایگەیاند، بەهۆی بارینی تەرزەوە لە 10 گوندی سەر بە گوندەوارەکانی موکریانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوای مەهاباد، زیان بە 400 هێکتار لە باخی بەرهەمهێنی ناوچەکە گەیشتووە.
ڕێژەی زیانەکان بە 15% دەخەمڵێندرێت کە باخی سێو، قۆخ، قەیسی، مێو و گوێز دەگرێتەوە.
حەسەنپوور ئاماژەی بەوە کرد کە ستافەکانی کشتوکاڵ دەستبەجێ چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ خەمڵاندنی وردی زیانەکان.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ئێستا 5 ئامێری دژە تەرزە لە سنوورەکەدا جێگیرکراون کە لە ڕێگەی مۆبایل و نامەوە لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن؛ هەر ئامێرێک دەتوانێت پارێزگاری لە 100 هێکتار زەوی بکات و لە ڕێگەی "شەپۆلی شۆکەوە" ڕێگری لە دروستبوونی دەنکە تەرزە گەورەکان دەکات.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەهاباد ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵی ڕابردووش بەهۆی تەرزەوە زیاتر لە 7 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی و باخ بە تەواوی لەناوچوون، کە بڕی زیانەکانی ساڵی ڕابردوو گەیشتبووە زیاتر لە 20 هەزار ملیار ڕیاڵ.