گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند، زۆری بارانبارین له‌مساڵدا، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له زۆنگاوه‌كانی خواروی عێراق جارێكی دیكه بژیێنه‌وه، كه له ماوه‌ی ڕابردوودا به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه زۆرینه‌یان وشك بووبوون.
خالید شەماڵ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق، به ڕۆژنامه‌ی سه‌باحی ڕاگه‌یاندووه، ئه‌مساڵ وه‌رزێكی بارانبارینی نمونه‌ییان به‌رێكردووه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له ئاوی زۆنگاوه‌كان زیاد بكات و بژیێنه‌وه.
گوتوشیه‌تی، ژیانه‌وه‌ی زۆنگاوه‌كان هۆكارێكه بۆ مانه‌وه و پاراستنیان، كه به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌قینه له هاوسه‌نگیی ژینگه‌ی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی وشكه‌ساڵی و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا، له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا، به‌شێكی زۆری زۆنگاوه‌كانی خواروی عێراق وشكبوون.