لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆی ناوشار دەرکرد و هۆشداری دەداتە سەرپێچیکاران کە ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەبنەوە.
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە لە فەیسبووک ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ماتۆڕسکیلەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتییان و خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ماتۆڕسکیلەکان دەکەنەوە، لە ئەمڕۆوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هاتوچۆ یان ڕاگرتنیان لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا نادرێت.
لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە داواشیکردوە، هەمووان پابەندی بڕیارەکەبن، هەرکەسیش پابەندنەبێت دەست بە سەر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلە سەرپێچیکارەکاندا دەگیرێت و خاوەنەکانیان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی و سزای توندی یاسایی دەبنەوە.