ڕاستەوخۆ

ئەمریکا ناسنامەی ئەو سەربازەی لە هەولێر گیانی لەدەستدا ئاشکرا کرد

reset font size increase font size

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕۆژی سێشەممە بە فەرمی ناسنامەی ئەو سەربازەی ئاشکرا کرد کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە کاتی هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی خستراوەی ئێرانی لە پایەگای ئاسمانیی هەولێر گیانی لەدەستدا. بەمەش ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە گەڕی نوێی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تاران گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ کەس.

پێنتاگۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: «سەرجەن مایکل ئیمانوێل سوینتۆن، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری فایێتڤیل لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، ڕۆژی ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦ لە کاتی تەقاندنەوەی کۆنتڕۆڵکراوی درۆنێکی خستراوەی خۆکوژ لە پایەگای ئاسمانیی هەولێر لە عێراق گیانی لەدەستدا.»

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سوینتۆن سەربازێکی سەربە ئەرکی چالاک بووە و هاوکاریی ئۆپراسیۆنەکانی ئەمریکای لە عێراق کردووە.

پێشتر ڕۆژی یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (فەرماندەیی ناوەندی - CENTCOM) ڕایگەیاندبوو کە سەربازێک لە هەرێمی کوردستان لە کاتی «پووچەڵکردنەوە و تەقاندنەوەی تەقەمەنییەکی نەتەقیوە» گیانی لەدەستداوە، بەڵام لەو کاتەدا ناوی سەربازەکەی ئاشکرا نەکرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ناسنامەی دوو سەربازی دیکەی ئاشکرا کرد کە لە هێرشێکی ئێرانی بۆ سەر پایەگایەکی ئەمریکی لە ئوردن گیانیان لەدەستدا بە ناوی "سیان بۆید" و "ڕایان کیتینگ".

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو سەربازانە رایگەیاند، ڕێنمایی بە پێنتاگۆن داوە کە دەبێت ئێران لە بەرامبەر کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکیدا بە چەندین بەرامبەر باجەکەی بداتەوە.

ترامپ نووسیویەتی: «هەرجارێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکاتە ئامانج، چەندین بەرامبەر سزای ئەو تاوانە دەداتەوە!»

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، ١٧ سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و لانی کەم ٤٢٠ سەربازی دیکە بریندار بوون.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.