ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، دەمانچەی تایبەتی پێشکەش بە سەرکردەکانی وڵاتانی بەشداربوو کرد. ئەم هەنگاوە لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرکردەکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا ئامادەنەبوون چەکەکان لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە.
لە کاتێکدا لە ناوخۆی تورکیادا پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوەدەچێت، پێشکەشکردنی چەک لە جۆری (ڕیڤۆڵڤەر) کە ناوی ئەردۆغانی لەسەر هەڵکۆڵراوە، لەلایەن میدیاکان و چاودێرانەوە وەک ناردنی سیمبولی شەڕ و کوشتن لە جیاتی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان لەقەڵەم درا.
ئەم بابەتە کاتێک زیاتر بووە ڕۆژەڤی میدیاکان کە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەکاتی گەڕانەوەیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەردۆغان نامەیەکی لەگەڵ دیارییەکەدا ناردووە بۆ لادانی کۆتوبەندەکانی هەناردەکردنی چەک، بەڵام بەهۆی ئەوەی بردنی دەمانچە بۆ ناو خاکی بەریتانیا پێچەوانەی یاساکانی وڵاتەکەیەتی، چەکەکەی ڕەتکردووەتەوە و لە تورکیا بەجێیهێشتووە.
هاوکات گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیاش ڕایگەیاند، ئەو چەکەی پێشکەش بە فرێدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کرابوو، لە باڵوێزخانەی وڵاتەکەیان لە ئەنقەرە بەجێهێڵراوە و نەبراوەتەوە ئەڵمانیا.
لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەی کاروباری جیهانیی کەنەدا پشتڕاستی کردەوە کە چەکەکەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان وەرگرتووە، بەڵام تەنیا بە مەبەستی گۆڕینی بۆ چەکێکی سیمبۆلیک (ناچالاک).
ڕەخنەگران و بەشێک لە میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن، ڕادەستکردنی چەک بە سەرکردەکانی جیهان وەک نیشانەیەک بۆ قووڵکردنەوەی شەڕ دەبینرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو ساڵە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە، بەڵام حکومەتەکەی ئەردۆغان تاوەکو ئێستاش هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکانی تایبەت بە سەرخستنی پڕۆسەکەی جێبەجێ نەکردووە.