ئامادەکردنی: کوردستان لەزگیێڤا
جموجۆڵە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە باکووری سوریا ڕۆژاڤای کوردستان ،ئاماژەن بۆ پەیڕەوکردنی ستراتیژییەتێکی درێژخایەن دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
ئەنقەرە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و گرووپە چەکدارە نێوخۆییەکانی هاوپەیمانی، هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدات.
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، دەزگای میت (MÎT) لە ناوچەکانی کۆبانی، حەسەکە و قامیشلۆ لە هەوڵی دۆزینەوەی زەمینەی نوێدایە بۆ ئەنجامدانی هێرشی دیکە.
چاودێران پێیان وایە، تورکیا دەیەوێت ئەم مۆدێلە ژێر ناوی "ئینتیگراسیۆن" یان تێکەڵکردن بگوازێتەوە بۆ باشووری کوردستان و ناوچەی شەنگال، تاوەکو لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و فشارە ئابوورییەکانەوە، هێڵی پەیوەندیی نێوان شەنگال و ڕۆژاوا بپچڕێنێت.
پلانەکانی واشنتن و بەغدا بۆ چەکداری میلیشیاکان هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، واشنتن لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ناوچەکە دەکات و پرسی داهاتووی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) بووەتە تەوەرێکی سەرەکی لە گفتوگۆ ئەمنییەکاندا.
دیپلۆماتکارانی ئەمریکا کار لەسەر کەمکردنەوەی هەژموونی هێزە چەکدارەکان، دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی و لاوازکردنی پێگەی هێزە نەیارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی فیدراڵیی عێراق پلان دادەنێت بۆ دروستکردنی "وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی" بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان.
بەگوێرەی ئەم پلانە، هێزەکانی حەشدی شەعبی، پێشمەرگە و پۆلیسی فیدراڵی لەژێر یەک چەتردا کۆدەکرێنەوە.
بەغدا کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتووی وەک دوا مۆڵەت بۆ داماڵینی چەکی هێزە میلیشیاکان دیاری کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پلانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە هەندێک گرووپی وەک عەسائیبی ئەهلی حەق ئامادەیی خۆیان بۆ دانانی چەک دەربڕیوە، بەڵام گرووپە ڕادیکاڵەکان هێشتا بەرگری دەکەن.
بژاردەی بەردەم ئەنقەرە و داهاتووی کورد مانیفێستۆ و پێشنیارە سیاسییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان، دامەزرێنەری پەکەکە، کە پێشتر جەختی لەسەر گواستنەوەی خەباتی چەکداری بۆ سەر زەمینەیەکی سیاسی کردبووەوە، لەلایەن هێزە هەژموونخوازەکانەوە وەک بەربەستێک لەبەردەم پلانە ستراتیژییەکانیان بینرا.
شارەزایانی جیۆپۆلەتیکی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی پارێزگاریکردن لە دۆخی باو (ستاتۆکۆ) و ڕەتکردنەوەی چارەسەرەکان، ڕەنگە لە داهاتوودا باڵادەستییە جیۆپۆلیتیکییەکەی و پێگەی خۆی لە ناو ناتۆدا (NATO) بەرەو لاوازی بچێت.
بۆیە گونجاوترین ڕێگە بۆ ئەنقەرە، گرتنەبەری بژاردەی چارەسەری دیموکراتییە.
لە کۆتاییدا، دۆخی ئێستای ناوچەکە و پەرتەوازەیی نێوان لایەنە کوردییەکان، مەترسییەکانی سەر پێگەی سیاسی و قەوارەی کورد زیاتر دەکات.
تاکە ڕێگەی دەربازبوون لەم قۆناغە سەختە، کارکردنی خێرا و جیددییە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی و "یەکێتیی دیموکراتیی کورد".