ڕاستەوخۆ

حکومەتی هەرێمی کوردستان: دەبێت بەغدا بە دادپەروەری گەنمی جووتیارانمان لێ وەربگرێت

reset font size increase font size

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و سێ دۆسیەی گرنگی تایبەت بە مووچەی خانەنشینان، بەبازاڕکردنی گەنم و بودجەی حاکیمەی تاوتوێ کرد.

مووچەی خانەنشینانی نوێ و چارەسەری خێرا

 لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە تازە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بە خێرايي ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەکانیان لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.

کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە

 تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی وردی لەسەر بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئاستەنگەکانی بەردەم بەبازاڕکردنی پێشکەش کرد.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت و وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنانی ڕاسپارد میکانیزمێکی گونجاو بۆ ساخکردنەوەی گەنمی جووتیاران دابنێن. هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ وەک لایەنی بەرپرسیار، پلانی وەرگرتنەوەی گەنم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.

خانەنشینیی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان

 لە بڕگەی دووەمدا، بابەتی خانەنشینبوونی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە مەرجە یاساییەکانی تەمەن و خزمەتیان تێدایە تاوتوێ کرا. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەت لە (سەرۆکایەتی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی) بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی یاسایی پێویست پێکبهێندرێت.

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە و سەبەتەی خۆراک

 لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پرسی خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە (پسوولە و سەبەتەی خۆراکی مانگانە، دەرمان، پشتیوانیی وزە و کارەبا) تاوتوێ کرا. ئەنجومەنی وەزیران لە کاتێکدا پشتگیریی خۆی بۆ چاکسازییەکانی بەغدا لە سیستمی خۆراکدا دەربڕی، جەختیشی لەسەر مافی یاسایی هاووڵاتیانی هەرێم کردەوە لەم بودجەیەدا. بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران ڕاپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە داتای دروست ئامادە بکەن بۆ جێگیرکردنی ئەم شایستەیانە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.