کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە پڕۆژەی "یەک نەتەوە و یەک چارەنووس" کە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیری باشوری کوردستانەوە دەستپێشخەرییان کردووە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
کەنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە ئامانجمان بەدیهێنانی ئاشتەوایی و یەکڕیزیی نیشتمانی بووە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ئەمەش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شەهیدان و کرێکارانی گەلەکەمان و لە پێناو ئازادیی کوردستان.
ئاماژە بەوەشدەکات، ماوەی 27 ساڵە، کارمان لەسەر هێڵێکی نەتەوەیی کردووە، لە هەموو بوارەکانی سیاسی، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری، لەم چوارچێوەیەشدا سەدان کۆنفرانسی ناوچەیی و نیشتمانی و نێودەوڵەتیمان ئەنجامداوە.
دەشڵێت، بەشداریکردن و هەڵوێستی بەرفراوانمان لە هەموو پرسە نیشتمانی و گرنگەکاندا بووەتە ئەولەویەت و بە بەردەوامی داوامان لە گەلی کورد و حزب و ڕێکخراوەکان کردووە یەکگرتوو بن و چالاکییەکانیان لەسەر بنەمای ئامانجە نیشتمانییەکان بونیاد بنێن.