بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی، کۆنگرەی ئازادیی ئێران لە شاری لەندەن کارەکانی دەست پێ بکات و وەک چەترێکی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆن خۆی بناسێنێت.
ئەم کۆنگرەیە، لە کاتێکی زۆر هەستیار و هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەڕێوەدەچێت، ئامانجی سەرەکیی داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ قۆناغی گواستنەوە و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بۆشاییەکی دەسەڵاتە لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا.
یەکێک لەو خاڵانەی کە مشتومڕێکی زۆری لە دەوری ئەم کۆنگرەیە دروست کردووە، پێکهاتەی کەسایەتییە بەشداربووەکانیەتی؛ بە شێوەیەک کە لە تەنیشت ڕەوتە لیبڕاڵ و دیموکراسیخوازەکان، ناوی کەسانێک دەبینرێت کە لە رابردوودا ئەندامی سەرەکیی سوپای پاسداران بوون و ئێستا وەک داڕێژەری خەباتی مەدەنی لەنێو کۆنگرەکەدا دەردەکەن.
هەرچەند بەشداربووانی ئەم کۆنگرەیە، وەک کەسایەتی و تاکەکەس نەک لایەنی دیاریکراو خۆیان ناساندووە، بەڵام ئامادەیی لایەنگرانی رەوتە جیاوازەکان، هەر لە پاشایەتی و ڕەوتە ناوەندخوازەکانە بگرە تا ئەندامانی پێشووی سوپای پاسداران، نیگەرانیی لای بەشێک لە هێزە سیاسییەکان و رای گشتیی دروست کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە، پرسی نەتەوەکان و بەتایبەت لایەنە کوردییەکان بابەتێکی دیکەی پشت بەڕیوەچوونی ئەم کۆنگرەیە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی وەلانانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەم کۆنگرەیە، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. پژاک، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی گوشاری هەندێک لایەنی دەرەکی و هەروەها بەشداربووانی دوو لایەنی کوردیی لە کۆنگرەکە دوورخراونەتەوە.
ئەمەش، لەگەڵ دەنگدانەوەیەکی زۆر لە میدیای کوردی، مەترسیی دروستبوونی درز لە یەکڕیزیی هێزە کوردییەکان و لێکەوتەی نەرێنی لەسەر داهاتووی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستانی لی دروست بووە.
ئەگەرچی ئەم کۆنگرەیە لەنێوان دوو بەرداشی گومانی وابەستەیی بە پلانە دەرەکییەکان و ململانێی نێوخۆییەکان، هەوڵدەدات وەک جێگرەوەیەک خۆی نیشان بدات، بەڵام هێشتا ڕەخنە و پرسیاری جددی لەسەر شەرعیەت و یەکگرتوویی ڕیزەکانی لە ئارادایە.
هەنگاوی سڕینەوەی سیاسیی، دەتوانێ ئاماژەیەک بێت بۆ ناکۆکی لەگەڵ ئەو ئامانجانەی کە کۆنگرەکە رایگەیاندووە و ئەو پرسیارە دروست دەکات؛ ئایا ئەم کۆنگرەیە دەتوانێ ببێتە چەترێکی گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی نێو ئێران، یان خۆی دەبێتە هۆکارێک بۆ قووڵبوونەوەی جیاوازییەکان.