تیمی فریاگوزاریی لوبنان ڕایگەیاند: ئەمەل خەلیل ژنە ڕۆژنامەنووسی لوبنانی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی "ئەلتەیری" لە باشوری لوبنان کوژراوە.
تیمی فریاگوزاریی لوبنان ئاماژەی بەوە کردووە: ئەمەل خەلیل ژنە ڕۆژنامەنووسی کەناڵی "ئەلخەبەر" لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر خانوویەک لە شارۆچکەی ئەلتەیری لە باشوری لوبنان کوژراوە و تیمەکانیان توانیویانە تەرمی ئەم ژنە ڕۆژنامەنووسە لەژێر دارووپەردووەکانی باڵەخانەیەکدا بدۆزنەوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانیش، داوای لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لەم بابەتەدا بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد: پێویستە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان وەک دۆسیەی تاوانی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەمەل خەلیل ژنە ڕۆژنامەنوسی بە ڕەگەز لوبنانی، دوێنێ لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشوری لوبنان لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە شارۆچکەی "ئەلتەیری" کوژراوە.
