سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان ڕایگەیاند، شەش گەنجی هەرێمی کوردستان زیاتر لە مانگێکە لە لیبیا بێسەروشوێنن دەشڵێت، ئەو گەنجانە ویستویانە لە لیبیاوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، شەش گەنجی خەڵكی هەرێمی كوردستان، كە پێنجیان خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن و ئەوەی دیکەیان خەڵكی شارەزوورە، لە ڕۆژی 14ـی مانگی ڕابردووەوە لە لیبیا بێسەروشوێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکان لە زیندانەکانی لیبیادا نین، بەڵام بە قسەی قاچاخچییەكان گوایە لە لیبیا دەستگیر كراون، ئەمەش چەواشەكارییە بۆ كەسوكاری بێسەروشوێنبووان.
ئەو گوتیشی، داوا لە گەنجان دەکەم بەهیچ جۆرێک ڕێگەی تونس و لیبیا بۆ كۆچی نایاسایی بەكارنەهێنن، چونکە ڕێگەی مەرگە.