ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند، نەتانیاهۆ فەرمانی داوە لە ماوەی 48 کاتژمێردا پیشەسازیی چەکی ئێران تێکبشکێنرێت.
ئەمەش، بەهۆی نیگەرانیی ئیسرائیلە لەوەی دۆناڵد ترەمپ، بە شێوەیەکی کتوپڕ کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوێنێ ڕێنمایی بە سوپای وڵاتەکەی داوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا پیشەسازیی چەکی ئێران لە ناو ببەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەتانیاهۆ و سەرۆکە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بڕوایان بەوە نییە، پلانە 15 خاڵییەکەی ترەمپ، گەرەنتی ئەوە بکات کە هەڕەشە ئەتۆمیی و موشەکییەکانی ئێران کۆتایی بێت.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی باکوری ئیسرائیل گوتوویەتی، هەڵوەشاندنەوەی تواناکانی حزبوڵا وەک کاری سەرەکیی بەردەوامە و ئەمەش بەشێکە لە ململانێ فراوانەکەی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا. جەختیشیکردووەتەوە، سوپاکەیان هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی بارودۆخی لوبنان.