دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، ئاماری کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکەی سەر بارەگای لیوای 53 لە قەزای تەلەعفەر زیادی کردووە و گەیشتووەتە سێ کەس و سێ چەکداری دیکەش بریندارن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشەی کرایە سەر کەرتی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی لە قەزای تەلەعفەر لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بۆ سێ کەس بەرزبووەوە. ئەم زیادبوونەش دوای ئەوە دێت کە یەکێک لە چەکدارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا، حەشدی شەعبی هێرشەکەی وەک "هێرشێکی ئیسرائیلی - ئەمریکی" ناوبردووە.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بارەگای لیوای 53ـی حەشدی شەعبی لە میحوەری ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، دوو هێرشی ئاسمانی کرایەسەر، لە ئەنجامی هێرشەکاندا، یاسین محەمەد سادق، فەرماندەی فەوجی کۆماندۆی لیوای 53 لەگەڵ دوو چەکداری دیکە کوژران و سێ چەکداری تریش برینداربوون.