هەڵمەتێکی بەرفراوان و بێوێنە بۆ دەستگیرکردنی بەرپرس و گەندەڵکارانی عێراق دەستی پێکردووە، کە تێیدا دەیان بەرپرسی پلە باڵا دەستگیر کراون.
لەکاتێکدا گەندەڵییەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە زیاتر لە 800 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن، ئەم ئۆپراسیۆنە وەک هەنگاوێکی جدی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سامانە بە هەدەردراوانە سەیر دەکرێت.
ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە دیمەنی سەرسوڕهێنەری ئاشکرا کردووە. لە باخەکەی "هەیسەم جبوری"، ئەندامی پێشووی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمان، بەهۆی دۆزینەوەی زیاتر لە 30 ملیار دینار و چەندین سندوق زێڕ لە نێو حەفارەیەکدا دەستگیرکرا.
هاوکات "هند عەباسی" کە وەک دەنگێکی بوێری دژی گەندەڵی دەناسرا، لە ماڵەکەیدا دەستی بەسەر 57 ملیۆن دۆلار و 27 کیلۆ زێڕدا گیرا. هەروەها دادگای تاوانەکان سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەر ئوسامە حسام، بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتی باجدا سەپاند، بەتۆمەتی سپیکردنەوەی 27 ملیۆن دۆلار.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کەس دەستگیرکراون و ژمارەکەش لە زیادبووندایە. ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری دەڵێت: "ئەو پارە و موڵکەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گیراوە، دەتوانێت 8 بۆ 10 ترلیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگێڕێتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، لیستی گەندەڵکاران ناوی هەزار کەسی تێدایە و ئۆپراسیۆنەکە بەشێوەیەکی فراوان درێژەی هەیە.
تەنیا لە دەستپێکی ئەم هەڵمەتەدا، دەست بەسەر 100 ملیۆن دۆلاری کاش، 70 موڵک و زەوی، 21 ئۆتۆمبێلی گرانبەها و دەیان کیلۆ زێڕدا گیراوە.
ئەم پڕۆسەیە تەنیا ڕەهەندێکی سیاسی نییە، بەڵکو هەوڵێکی گەورەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 800 ملیار دۆلارەی کە بەهۆی گەندەڵییەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە خەزێنەی گشتیی عێراق بە هەدەردراون.
لێکۆڵینەوەکان لە دۆسییەکانی گەندەڵی لە عێراق بەردەوامە و شەقامی عێراقی بە هیواوە دەڕوانێتە ئەم هەڵمەتە. ئەگەر ئەم ڕەشەبایەی دەستگیرکردنە بەهێز بمێنێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت بڕی زیاتری سامانی بەتاڵانبراو بگەڕێتەوە و ئەو بەرپرسانەی پێشتر لەسەرەوە بوون، یەک بە یەک ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.