ڕۆژنامەنووس جوتیار ڕەسوڵ، لە دوێنێوە چارەنوسی نادیارە و ئەو میدیایەی جوتیار کاری تێدا دەکات باسی لەوە کردووە: "جوتیار لە دوێنێ کاتژمێر 11وە لە ماڵەکەی خۆی لە دەڤەری ڕاپەڕین چووەتە دەرەوە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە."
پایتەخت میدیا بڵاویکردووەتەوە: "زیاتر لە 24 کاتژمێرە پەیوەندی بە ڕۆژنامەنووس (جوتیار ڕەسوڵ)، پەیامنێری دامەزراوەی "پایتەخت میدیا" پچڕاوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە. ئەم ڕووداوە شەپۆلێکی نیگەرانی لای خێزانەکەی، ناوەندە میدیاییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان دروست کردووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەپێی زانیارییەکان، جوتیار ڕەسوڵ کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی 28ی نیسان، لە ماڵەکەی خۆی لە دەڤەری ڕاپەڕین چووەتە دەرەوە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە."
پایتەخت میدیا باسی لەوەش کردووە: "جوتیار ڕەسوڵ، یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسە بە ئەزموونەکان، دوای ساڵانێک کارکردن لە سلێمانی، بە مەبەستی چاودێریکردنی دایکی گەڕابووەوە بۆ قەڵادزێ و لەوێوە بەردەوام بوو لە کارە میدیاییەکانی. تا ئێستا لایەنە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان لەسەر ئەم کەیسە بڵاونەکردووەتەوە."
جوتیار ڕەسوڵ پێشتر لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی و دواتر کەناڵی زووم کاری هەواڵسازی و پرۆدیوسەری کردووە.