کۆنفرانسی "وەچەرخانی دیموکراتیکی کۆمار لە سەدەی دووەمدا" لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا، گەیشتە دووەم و دوایین ڕۆژی کارەکانی.
ئەم کۆنفرانسە کە لەسەر بانگەوازی 29 ڕوناکبیر، نووسەر، کەسایەتیی دیاری سیاسی و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی سازدراوە، لەژێر دروشمی "داهاتووی هاوبەش لە سەدەی دووەمدا" بەڕێوەدەچێت.
تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی پارتە سیاسییە جیاوازەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان تێیدا بەشدارن.
لە دوایین ڕۆژەی کارەکانی کۆنفرانسەکەدا، بەشداربووان لە ڕێگەی چەندین پانێڵ و دانیشتنی جیاوازەوە گفتوگۆ لەسەر چەندین تەوەر و بابەتی قووڵ و چارەنوسساز دەکەن.
لەوانە، دەرفەتەکانی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە بۆ دەوڵەت، بەکۆمەڵایەتیکردنی دیموکراسی و ئاشتی، ڕۆڵی بنیاتنەرانەی ژنان لە گۆڕانکارییەکاندا، لەگەڵ چۆنییەتی داڕشتنی کۆماری داهاتوو و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ پێکەوەژیانی گەلان.
هاوکات پرسی کورد وەک یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکە دەستنیشانکراوە و تیشک دەخرێتە سەر دەرفەتەکانی گۆڕانی یاسایی و دیموکراتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە.
ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە پێشتریش ئاماژەیان بەوە کردبوو، ئامانجی سەرەکیی ئەوان لەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، تەنیا هەڵسەنگاندنی قۆناغەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکو دروستکردنی زەمینەیەکی هاوبەش، گشتگیر و فرەدەنگە بۆ داڕشتنەوەی ڕێگەچارەیەکی دیموکراتیک بۆ داهاتوو، بە شێوەیەک کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێت.