بەگوێرەی بڕیارێکی سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لە ڕۆژنامەی فەرمیی وڵاتەکەدا بڵاوکراوەتەوە، هێڵی سنووریی نێوان هەردوو پارێزگای مووش و بەدلیس لە باکووری کوردستان سەرلەنوێ کێشرایەوە.
بەمەش کێشە و ناڕوونیی کارگێڕیی نێوان ئەو دوو پارێزگایە چارەسەر کرا.
بڕیارەکە کە پاڵپشت بە یاسای کارگێڕیی پارێزگاکان دەرکراوە، بە تایبەتی هێڵی سنووریی نێوان شارەوانیی "گونکری" سەر بە قەزای گۆرۆیمەک لە پارێزگای بەدلیس و گوندی "بوڤەتلی" سەر بە قەزای حەسکیف لە پارێزگای مووش ڕێکدەخاتەوە.
بەگوێرەی ئەو نەخشە و پۆتانە فەرمییانەی هاوپێچی بڕیارەکەن، هێڵی نوێی سنوورەکە بە چەند خاڵێکی جوگرافیی سەرەکیدا تێپەڕ دەبێت.
هێڵەکە لە ڕووباری کاراسۆوە دەستپێدەکات و بە لوتکە و گردەکانی ئایزوت، کەنیسە، کوچوخۆپیکان، گێڤۆت و پوشوروکدا کێشراوە و جێگیرکراوە.
بەم ڕێکخستنە نوێیە، کۆتایی بە سەرجەم کێشە کارگێڕییەکانی ئەو ناوچەیە هێنرا.
هاوكات لە دەقی بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرجەم مافە گشتی و تایبەتەکانی هاووڵاتییانی هەردوولا، کە بەهۆی نەخشە نوێیەکەوە دەکەونە ناو سنووری پارێزگاکەی دیکە، وەک خۆیان پارێزراو دەبن و هیچ زیانێکیان بەرناکەوێت.