بڕیاره ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كۆبێته‌وه و تێیدا ڕێبوار ته‌ها ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه و پارێزگاری نوێ هه‌ڵبژێردرێت، فراكسیۆنی پارتیش بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌كات.
به گوێره‌ی كارنامه‌ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاره ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، ئه‌نجومه‌نه‌كه بۆ دوو بڕگه كۆببێته‌وه، بڕگه‌ی یه‌كه‌م، له کاتژمێر 12:10 خولەک به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پەیوەستە بە دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبوار تەها، لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بڕگەی دووەمیش لە کاتژمێر 1:30 خولەکە پارێزگاری نوێ هەڵدەبژێردرێت.
فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت، بەشداری کۆبوونەوەکەی ئه‌مڕۆ ناکەن، دەشڵێت ئەم بڕیارەمان تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە.
هاوكات، شاخەوان عه‌بدوڵا سەرۆکی فراکسێونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیوویەتی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناشەرعییە و پارتی بە هیچ شێوەیەك قبوڵی ناكات بچێتە ژێر باری سەفەقاتی گوماناویی هۆتێل ڕەشید.
به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی كه‌ركوك له ڕۆژی 10ـی ئابی 2024، لە هۆتێل ڕه‌شید له به‌غداد ئه‌نجامدرا، پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك تا 31ـی كانونی یه‌كه‌می 2025 لای كورد ده‌بێت، دواتر لە 1ـی كانونی دووەمی 2026ـەوە پۆسته‌كه ده‌درێت به توركمان و دواتر دەبێتە پشكی عەرەب.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان بە ئەگەری زۆرەوە محەمەد سەمعان، لە بەرەی تورکمانی دەبێت به پارێزگاری نوێی كه‌ركوك.