وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بڵاویکردەوە، لە هەڵمەتێکدا 45 هاوڵاتییان لە حەوت پارێزگای جیاوازی ئێران بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانى جیهان، بەتایبەت ئیسرائیل و ئەمریکا دەستگیرکردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پارێزگای ئەسفەهان 11 کەس دەستگیرکراون، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج و کارمەندێکی ئیتلاعات.
باسلەوەشکراوە، لە پارێزگاکانی خوزستان، کرماشان، گیلان، کرمان، هەمەدان و هورمزگان، 34 کەسی دیکە دەستگیرکراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەپاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە میدیاکانى ئێراندا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و چالاکوانان دەڵێن، ئێران سەرەڕاى ئەوەى بە تۆمەتى جیاواز هاوڵاتیان دەستگیر دەکات بۆ بڵاوکردنەوەى ترس هەروەها سزاى توندى دەستگیرکراوان دەدات.