ئەمڕۆ 19ی ئایاری 2026، نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێک لە دیارترین سەرکردە کاریگەرەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان تێدەپەڕێت. ئەو کەسایەتییەی بە خوێندنەوە قووڵەکەی بۆ سیاسەت و مێژوو، توانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کایەی دەسەڵاتداری و ئۆپۆزسیۆنیدا دروست بکات.
ژیان و خوێندن
نەوشیروان مستەفا، کوڕی مستەفا ئەمینی مەلا خدرە، لە 22ی 12ی 1944 لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە. ژیانی ئەکادیمیی ئەو پڕ بووە لە بەدواداچوون بۆ زانستە مرۆییەکان، بە جۆرێک بڕوانامەی لە زانستە سیاسییەکان لە بەغداد و پەیوندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەننا بەدەستهێناوە. ناوبراو جگە لە کاری سیاسی، وەک نووسەر و ئەدیبێکی خاوەن قەڵەمیش ناسرا بوو و کتێبخانەی کوردی بە دەیان بەرهەمی مێژوویی و سیاسی دەوڵەمەند کردووە.
پەیوەندی بە خەباتی سیاسییەوە
لە ساڵی 1975دا، نەوشیروان مستەفا بەشداری لە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کرد لە دیمەشق و بۆ چەندین دەیە وەک کەسی دووەمی ئەو حزبە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە بڕیارە هەستیارەکاندا هەبوو. بەڵام دوای قۆناغێکی دورودرێژی کاری سیاسی، لە ساڵی 2006دا وازی لە پۆستی جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی هێنا، ئەم هەنگاوە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە ژیانی سیاسیی ئەو و کوردستان.
دامەزراندنی 'وشە' و 'گۆڕان'
دوای جیابوونەوەی لە یەکێتی، نەوشیروان مستەفا کۆمپانیای 'وشە'ی دامەزراند و بواری میدیای کردە سەکۆیەکی بەهێز بۆ ڕەخنەگرتن و خستنەڕووی گەندەڵییەکان. ڕۆژنامەی 'ڕۆژنامە'، ماڵپەڕی «سبەی» و کەناڵی 'KNN' ئەو بەرهەمانە بوون کە توانییان دەنگێکی جیاواز لە گۆڕەپانی میدیاییدا دروست بکەن.
لە ساڵی 2009دا، بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی، 'بزووتنەوەی گۆڕان'ی ڕاگەیاند. لە یەکەم بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا، توانی 25 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز و کاریگەر دروست بکات.
دوای کۆچی دوایی
نەوشیروان مستەفا لە 19ی ئایاری 2017 بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. دوای مردنی، بزووتنەوەی گۆڕان ڕووبەڕووی قەیرانی ناوخۆیی بووەوە و بەهۆی ناکۆکی لەسەر دیدگای سیاسی و ئیداری، حزبەکە دابەش بوو بەسەر دوو ئاڕاستەی جیاوازدا (گردی زەرگەتە و کوردسات). ئەم دابەشبوونە و کاریگەرییە سیاسییەکانی تر وایانکرد پێگەی جەماوەری بزووتنەوەکە لاواز ببێت، تا ئەو ڕادەیەی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا تەنها یەک کورسی بەدەست بهێنێت.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان بەسەر کۆچی دوایی ئەم سەرکردەیەدا، هێشتا ڕەخنە و تێڕوانینەکانی نەوشیروان مستەفا بۆ کێشەکانی حوکمڕانی و کۆمەڵایەتی، وەک مژارێکی گەرمی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە ناوەندە سیاسییەکاندا دەمێننەوە.